وەفدێکی شاری Duluth ی ئەمریکا سەردانی زانکۆی راپەڕین-یان کردو گەلەرییەکی نێودەوڵەتی کرایەوە

چاپکردن

راگەیاندنی زانکۆ

ئەمڕۆ دوو شەممە ١٦ / ١ / ٢٠١٧، وەفدێکی شاری Duluthی ئەمریکا کە دەستەخوشکی شاری رانیەیە سەردانی زانکۆی راپەڕینیان کردو گەلەرییەکی دەستەخوشکی ھەردوو شارەکە کرایەوەو چەندین چالاکی ئەکادیمی و کەلتوریش ئەنجامدران.
کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی وەفدەکە گەیشتنە سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین و لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. مۆفەق خالید سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆو ژمارەیەک بەڕێوەبەرەوە پێشوازیان لێکرا. دواتر لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆ کۆبوونەوەو سەرەتا لەلایەن بەڕێز د. بەھزاد وسو حمد بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی راپەڕین وتاری سەرۆکایەتی زانکۆ پێشکەشکراو بەخێرھاتنی وەفدی میوان کرا، دواتر لەلایەن بەڕێز مامۆستا ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و راگەیاندنی زانکۆ سیمینارێک دەربارەی زانکۆی راپەڕین پێشکەشکراو زانکۆکە بەوەفدی میوان ئاشناکرا.


لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی گرنگی و رۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کراو جەخت لەسەر کارکردن و ھاوکاری ھاوبەش کرایەوە، ھەروەک لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا لۆگۆی زانکۆی راپەڕین بەیەخەی ئەندامانی وەفدی میوانەوە کراو چەند دیارییەکیش پێشکەشی وەفدی میوان کران لەلایەن سەرۆکی زانکۆو ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆوە.
لەبەشێکی دیکەی سەردانەکەدا کاتژمێر (١٠:٣٠)ی سەرلەبەیانی گەلەری ھاوبەشی دەستەخوشکی ھەردوو شاری رانیەو شاری Duluthی ئەمریکا لەسەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین کرایەوەو ھاوکات تابلۆیەکی مێژوویی نێودەوڵەتی نیشانی ئامادەبووان درا کە رەمزی دەستەخوشکی چەند وڵاتێکی جیاوازەو بڕیاریشە تا مانگی ئاداری ئەمساڵ تابلۆکە لەگەرییەکە دابنرێت و نیشانی سەردانیکەرانی گەلەرییەکە بدرێت.
ھەروەک دواتر وەفدی شاری Duluth سەردانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆو کۆلێژەکانی زانکۆی راپەڕینیان کردو ھاوکات بەشداری کۆنسێرتێکی میوزیک بوون کە لەلایەن رۆشنبیری زانکۆی راپەڕینەوە بۆ ھونەرمەند رزگار حەمە رەئوف رێکخرابووە.
ئێوارەی ئەمڕۆش، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ھەردوو بەشی ئینگلیزی لە فاکەڵتییەکانی پەروەردەی بنەڕەت و فاکەڵتی پەروەردەو سەنتەری زمان و گەشەپێدانی لەزانکۆی راپەڕین کۆبوونەوەو تاوتوێی پڕۆژەو کاری ھاوبەش کرا لەنێوان بەشەکان و سەنتەری زمان لەزانکۆی راپەڕین و زانکۆکانی شاری Duluthی ئەمریکا.